۴۲- گەڕانەوەی عیسا بۆ ئاسمان
ئەو ڕۆژە که خوا عیسای له مردووەکان هەستاندەوە، دوو کەس له شاگردەکان له کاتی ڕۆیشتن بۆ یەکێک له شاره نزیکەکان، له بارەی ئەوەی بۆ عیسا ڕووی دابوو، قسەیان ئەکرد. ئەوان هیوادار بوون که عیسا هەر مسیحی وادەدراو بێت، بەڵام ئەو کوژرا بوو. ئێستا شاگردەکان نەیان ئەزانی بڕوا به چی بکەن.
عیسا نزیکی شاگردەکان بوو و لەگەڵیان قسەی کرد بەڵام ئەویان نەناسی. عیسا لێیانی پرسی سەبارەت به چی قسه ئەکەن. به عیسایان وت که قسەکانیان سەبارەت به ڕووداوەکانی چەن ڕۆژ پێشه، که بۆ عیسا ڕووی دابوو. ئەوان بڕوایان وا بوو که عیسا غەریبەیێکه که لە ڕووداوەکانی ئۆرشەلیم بێ خەبەره.
ئینجا عیسا بۆیانی شی کردەوه، که کەلامی خوا سەبارەت به مەسیح چی بووه. زۆر ماوه لەمەپێش پێغەمبەران وتبوویان که شەریران مەسیح، شکەنجه ئەکەن و ئەیکوژن، بەڵام ئەو له ڕۆژی سێهەم زیندوو ئەبێتەوه.
کاتێک کە ئەو دوو پیاوە بە مەقسەد گەیشتن، ئیتر شەو ببوو. ئەوان عیسایان دەعوت کرد کە شەو لەگەڵیان بمێنێت، ئەویش قەبووڵی کرد و لەگەڵ ئەوان چووە ناو ماڵێک. کاتێک لە سەر سفرە بۆ نان خواردن دانیشتن، عیسا نانی هەڵگرت و شۆکری خوای کرد و لەتی کرد. لە ناکاو چاویان کراوە و دەست بەجێ ناسیان. بەڵام عیسا هەر ئەو ساتە لە بەر چاویان ون بوو.
ئەو جووته به یەکتریان وت: «ئەو عیسا بوو، بۆیه کاتێک که نووسراوەکانی کتێبی موقەددەسی بۆمان شی ئەکردەوه، دڵمان توند لێ ئەدا.» ئینجا خێرا گەڕانەوه بۆ ئۆرشەلیم و کاتێک گەیشتنه ئەوێ، به شاگردەکانیان وت: «عیسا زیندووه! ئێمه ئەومان بینیوه.»
له هەمان کات که سەرقاڵی وتووێژ بوون، له ناکاو عیسا له نێوانیان دەرکەوت و وتی: «سڵامەتی بۆتان بێت!» شاگردەکان وایانزانی که ڕۆحیان بینیوه، بەڵام عیسا وتی: «بۆچی ترسان! شەکتان کرد که من عیسام؟ دەست و قاچم ببینن، ڕۆح، وەک من جەستەی نیه.» و بۆ ئەوه که نیشانیان بات که ڕۆح نیه، لێیانی داوا کرد که شتێکی پێ بدەن که بیخوا. ئەوان لەتێک ماسیان پێدا و عیسا خواردی.
عیسا وتی: «من بە ئێوەم وت کە هەرچێ لە کەلامی خوا سەبارەت بە من وتراوە، ئەبێ بکرێت.» ئینجا عیسا یارمەتی دان تا باشتر لە کەلامی خوا تێبگەن. ئەو وتی: «ڕۆژگارانی دوور، لە کتێبی ئەنبیا نووسراوە کە مەسیحی وادەدراو پێویستە ڕەنج و سەختی زۆر ببینێ، بمرێ و ڕۆژی سێهەم لە مردووەکان هەستێتەوە.
«ئەنبیا هەروەها نووسیویانە کە شاگردەکانی من کەلامی خوا ئەگێڕنەوە و بە هەمووان ئەڵێن کە ئەبێ تۆبە بکەن. هەر کەس تۆبە بکات، خوا لە گوناحەکانی خۆش ئەبێت. شاگردەکانی من بڵاو کردنی ئەم پەیامەی من لە ئۆرشەلیم دەست پێ ئەکەن، دواجار بۆ نێو هەموو قەوم و هەموو جێگە ئەڕۆن. ئێوە شایەتی قسەکان، کارەکان و تەواوی ئەو ڕووداوانەن کە بۆ من ڕوویدا.»
عیسا له ماوەی چل ڕۆژ پاشان زیندوو بوونەوەی له مردووەکان، چەند جار خۆی بەرچاوی شاگردەکانی خست. ئەو تەنانەت جارێکیش هاوکات خۆی بەرچاوی ۵۰۰ کەس خست. ئەو به شێوەی جۆرواجۆر به شاگردەکانی سەڵماند که زیندووه و سەبارەت به پاشایەتی خوا ئامۆژگاری بۆ کردن.
عیسا به شاگردەکانی فەرموو: «خوا ئێختیاری تەواوی زەوی و ئاسمانی به من داوه. له بەر ئەوه بڕۆن وهەموو قەومەکان بە شاگردی من کەن و ئەوان به ناوی باوک، کوڕ و ڕۆحی قۆدووس تەعمید بدەن و پێیان فێر کەن که چۆن تەواوی ئەو دەستوورانەی که پێم داون به ڕێوه بەرن. له بیرتان بمێنێ که من هەمیشه لەگەڵتان ئەبم.»
چل ڕۆژ دوای ئەوەی که عیسا له مردووەکان هەستا به شاگردەکانی بەم شێوه فەرموو: «له ئۆرشەلیم بمێنن تا باوکی من به ناردنی ڕۆحی قۆدووس، به هێزتان بکات.» دوای ئەوه، عیسا له بەرامبەر چاوی ئەوانا بەرەو ئاسمان بەرز بووەوه و له ناو هەورێکا ون بوو. عیسا به دەستی ڕاستی خوا دانیشت که به سەر هەموو شتێکا فەرمان ڕەوایی بکات.
چیرۆکێ وەرگیراوە لە کتێبی موقەددەس: (کتێبی مەتا فەسڵی ۲۸ئایەی ۱۶تا۲۰؛ کتێبی مەرقۆس فەسڵی ۱۶ ئایەی ۱۲تا۲۰؛ کتێبی لۆقا فەسڵی ۲۴ ئایەی ۱۳تا۵۳؛ کتێبی یووحەنا فەسڵی ۲۰ ئایەی ۱۹تا۲۳؛ کتێبی کردار فەسڵی ۱ ئایەی ۱تا۱۱)
رایگان برای استفاده، اقتباس و اشتراکگذاری تحت مجوز باز (CC BY-SA 4.0).