۴۶- پوولۆس ئەبێتە مەسیحی
پیاوێک بوو بە ناو سوولۆس کە لە جەوانی زەمانی کوشتنی ئێستیفان، جلی یەهوودیەکانی ئەپارێزی و ئیمانی بە عیسا نەبوو. ئەو مەسیحیەکانی ئەڕەنجان و لە ئۆرشەلیم ماڵ وە ماڵ ئەچوو تا پیاو و ژن بگرێت و بیانخاتە بەندیخانە. کاهێنی گەورە پێی وت کە بچێتە دەمێشق و مەسیحیەکان ئەوێ بگرێت و بیانهێنێتەوە بۆ ئۆرشەلیم.
لەبەرەوە سوولۆس ڕێ کەوت بەرەو دەمێشق. پێشەوەی کە بگاتە ئەوێ. شەوقێک تروسکەدار لە ئاسمان دەورادەوری گرت وکەوتە زەوی. سوولۆس دەنگێکی بیست کە پێی وت «شائوول، شائوول، بۆ جەفام پێ ئەکەی؟» سوولۆس پرسی: «گەورەم تۆ کێی؟» عیسا وڵامی داوە: « من عیسام. ئەو کەسەی کە ئازاری ئەدەی!»
ئەوکاتە کە سوولۆس هەستا سەر پێ، چاوەکانی نەیئەدیت. هاوڕێکانی ئەویان بەرەو دەمێشق برد. سوولۆس بوو سێ ڕۆژ لە ئاو و نان هیچی نەخوارد.
لە شاری دەمێشق، شاگردێک بە ناو حەنانیا ئەژیا. خوا بە ئەوی فەرموو: «بچۆ بۆ ئەو ماڵەی کە سوولۆس لە ئەوێیه. دەستەکانی خۆتی لەسەر دانێ تا دووبارە بتوانێ ببینێ.» بەڵام حەنانیا وتی: « خواوەند! ئەمن بیستوومه کە ئەو پیاوە چۆن بە ئیمانداران زوڵم ئەکات.» خوا لە وڵامدا وتی: «بڕو! ئەمن ئەوم هەڵبژاردووە تا ناوی من بە یەهوودیان و قەبیلەکانی دیکە بگەیێنێ. ئەو سەبارەت بە ناوی من، ڕەنج و موسیبەتێکی زۆر ئەبینێ.»
کەواته حەنانیا چووە لای سوولۆس و دەستی نا سەری و وتی: «هەر ئەو عیسا کە لە نێو ڕێگە لێت دەرکەوت، منی ناردووە، تا تۆ دووبارە ببینی و لە ڕۆحی قۆدووس پڕ بیت.» سوولۆس جێبەجێ توانی دووبارە ببینێت و حەنانیا تەعمیدی دا. ئەو کاتە سوولۆس توانی بخوات و هێزی گەڕاوە.
سوولۆس بە خێرایی دەستی بە ئامۆژگاری یەهوودیەکان دەمێشق کرد و وتی: «عیسا کوڕی خوایە!» یەهوودیەکان سەریان سووڕمابوو، چون کەسێک کە بە تەمای لە ناو بردنی ئیماندارەکان بوو، ئێستا خۆی ئیمانی بە عیسا هێناوە! سوولۆس لەگەڵ یەهوودیەکان دەستی به قسەوباس کرد. ئەو سەڵماندی کە عیسا هەمان مەسیحە.
دوای چەند ڕۆژ، یەهوودیەکان بە تەمای کوشتنی سوولۆس بوون. ئەوان کەسانێکیان نارد تا لە دەروازەکانی شار بیدۆزنەوە و بیکوژن. بەڵام سوولۆس لە مەبەستیان ئاگادار بوو و ڕەفێقەکانی یارمەتیان دا تا هەڵێت. شەوێک نایانە نێو سەوەتەیێک و لە دیوارەکانی شار خستیانە خوارەوه. دوای ئەوە سوولۆس لە دەمێشق هەڵات و بە مۆوعێزە کردن سەبارەت بە عیسا بەردەوام بوو.
سوولۆس ڕۆیشتە ئۆرشەلیم تا لەگەڵ ڕەسوولەکان دیداری بێت، بەڵام ئەوان لێ ترسان. ئەوکاتە شاگردێک بە ناوی بێڕنابا، سوولۆسی بردە لای ڕەسوولەکان. ئەو پێیانی وت کە سوولۆس چۆن لە دەمێشق بە دلێریەوە مۆوعێزەی کردبوو. دوای ئەوە بوو کە ڕەسوولەکان، سوولۆسیان قەبووڵ کرد.
هێندێک لە ئیماندارەکان کە لە جەفای شاری ئۆرشەلیم هەڵاتبوون، چوونه شارێکی دوورله ئەنتاکیە وسەبارەت بە عیسا مۆوعێزەیان کرد. زۆرتری خەڵکی ئەنتاکیە یەهوودی نەبوون، بەڵام بۆ یەکەم جار ئیمانیان هێنا. بێڕنابا و سوولۆس ڕۆیشتنە ئەوێ تا بە ئیماندارە نوێکان، سەبارەت بە عیسا زۆرتر تالیم بدەن و کلیسا هێز ببەخشن. لە ئەنتاکیە بوو کە ئەوانه وا به مەسیح ئیمانیان هێنا بوو، بۆ یەکەم جار «مەسیحی» ناو نران.
ڕۆژێک مەسیحیەکانی ئەنتاکیه سەرقاڵی دۆعا وڕۆژوو بوون کە ڕۆحی قۆدووس پێیانی فەرموو: «بێڕنابا و سوولۆس بۆ کارێ کە ئەوانم بانگ کردووە، جیا کەنەوە.» ئینجا کلیسای ئەنتاکیه دەستیان ناسەر بێڕنابا وسوولۆس ودۆعایان بۆ کردن. ئینجا ئەوانیان ڕەوانە کرد تا هەواڵی خۆشی عیسا لە جێگەکانی دیکە مۆوعێزە بکەن. بێڕنابا و سوولۆس خەڵکی زۆریان لە قەومی جۆراوجۆر تالیم دا و زۆریەک ئیمانیان بە عیسا هێنا.
چیروکێ وەرگیراوه له کتێبی موقەددەس: کتێبی کرداری ڕەسوولان فەسڵی ۸ئایەی ۳؛ فەسڵی ۹ئایەی ۱تا۱۳؛ فەسڵی ۱۱ئایەی ۱۹تا ۲۶؛فەسڵی۱۳ئایەی ۱تا۳
رایگان برای استفاده، اقتباس و اشتراکگذاری تحت مجوز باز (CC BY-SA 4.0).